بەهادینی خوڕەمشاهی دەڵێت: (حافز مرۆڤێکی بێ خەوش نەبوو بەڵام تەژی بوو لە مرۆڤایەتی)

لەحافزی شیرازی دەپرسن، کێ شاعیرە؟ دەڵێت: (ئەوەی کە تریفە دەکاتە پیاڵەوە، دواتر بەرزی دەکاتەوە لێوە پەژموردە موقەدەسەکانی پێ تەڕ دەکاتەوە).

لەبارەیەوە گوتراوە ( حافز ئەو شاعیرەیە کە عەشقەکەی لە زەوییەوە بردووەتە ئاسمان)

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو دابوو، بۆیەکەم جار گوێم لە شەهرامی نازری بوو، غەزەلە بەناو بانگەکەی حافیزی شیرازی (الا یا ایها الساقی ادر کأسا وناولها)، هەر وەکوو لێی چاوەڕوان دەکرا، بە ئاواز و مۆسیقا و دەنگێکی ناوازەوە دەگوت. دواتر زانیم کە شەجەریانی گەورە گۆرانیبێژی فارس، ئەویش هەمان غەزەلی بەڵام بە ئاوازێکی جیا گوتووە. بەڕاستی وەکوو گوێگر و کەسێک کە کەمێک سەلیقەی چێژ وەرگرتنی لە دەنگ و سەدا و هەڵسەنگاندنی بۆ ئاواز و مۆسیقا و ئەدای گۆرانیبێژ هەیە، کارەکەی هەردووکیانم زۆر لا بەرز بوو. دوو ستایلی دەنگی جیاواز، بەڵام سەنگین واتا سوننەتی. بە دوو ئاواز و دوو تامی جیاواز، بۆ یەک غەزەل هەردووکیشان کورد وا تەنی ئەوەندە لەبەر دڵانن، هیچ کامیان جێگەی ئەوی دیکەت بۆناگرێتەوە. هەروەها ئیرەجی بسطامی و گۆرانیبێژی دیکەی هەر فارس گوتوویانە.. ئەمەم لە هونەری گۆرانی ڕۆژهەڵاتدا تەنیا لە ئێران ی فارس و کورددا دیوە. ئەگەر نموونەی گۆرانی فاتمۆکێ بە دەنگی محەمەدی ماملێ و حەسەن زیرەکیش بهێنینەوە، دەقیق هەر ئەوە دەسەلمێنێت. کە هیچ گۆرانیبێژێکی ئەوان لاسایی دەنگ و ڕەنگ و ئەدای ئەوی تر ناکاتەوە.

بە حوکمی ئەوەی کە پێش ئەوەی شاعیر یان نووسەربم، خوێنەرێکی باش وە یان قوتابییەکی باشی گەورە نووسەر و لێکۆڵەرەوە دیارەکان بووم، بە لایەنە یان عەرەب وا تەنی جەنبە تەرفیهیەکەی ئەو گۆرانییەوە نەوەستام، بەڵکوو کەوتمە بنج و بناوانی ئەوەی بۆ ئەو دوو گۆرانیبێژە ناودارە هەمان قەسیدەیان بە هەمان قودسیەتەوە مامەڵە کردووە.

سەرەتا لای زۆربەی خوێنەر وا کە و تووەتەوە ئەو غەزەلە هەمووی شیعری حافزە. بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام وەیان پرسیاری لا دروست کردم ئەوە بوو کە بەیتی یەکەمی عەرەبییە. واتا فارسی نییە. ڕاستە زۆر لە شاعیرانی کلاسیکی کوردیش هەندێک شیعریان بە تێک هەڵکێش هەیە، واتا عەرەبی و کوردی یان فارسی و کوردیان تێکەڵ کردووە. بەڵام هەر وەک گۆتە شاعیری گەورەی ئەڵمان دەڵێت: حافز یەکێکە لە کۆڵەکە کانی شیعری جیهانی، بە واتا زۆر باڵا دەستە لە شیعردا و بە دڵنیاییش ئەگەر وانە بوایە دوای مردنی خۆی دیوانەکەی بۆ بیست و حەوت زمان تەرجەمە نەدەکرا.دەم گوت بڵێیت خۆی حەزی کردبێت ئەو بەیتەی یەکەم بە عەرەبی بنووسێت، باشە خۆ زمانی فارسی جوانترین هەست و دەربڕینی بۆ شیعر تێدایە بۆ بە عەرەبی نووسیویەتی؟. ئەوە وای لێ کردم زۆر بگەڕێم بینیم غەزەلێکی یەزیدی کوڕی معاویەیە کە لە بەیتی یەکەمیدا دەڵێت :(انا المسموم ماعندی تریاق ولا ڕاق... ادر کأسا وناولها الا یا أیها الساقی).کەواتە حافز قەسیدە مولەمەعیەکەی بە نیوەی دووەمی شیعرەکەی یەزید دەست پێ دەکات، بەڵام جێگۆڕکێی پێکردووە بەشی یەکەمی بردووەتە دواوە بەشی دووەمی هێناوەتە پێشەوە حافز وا دەڵێت: (الا یا أیها الساقی ادر کأسا وناولها) . ئەگەر هەڵە نەبم لەم بۆ چونەمدا ڕەنگە لەبەر قافیەکەی بۆ شیعری فارسی وا باشتر بەدەستەوە هاتبێت.

دوای مردنی ڕەخنەی زۆر لێ دەگیرێت، لەبارەی ئەوەی کە دەڵێن یەزید دەستی بە خوێنی ئیمامی حوسەین سوورە، لە کاتێکدا کە خۆی بە تەرجومانی ئەسرار و لسانی غەیب ناو دەبرێت و گەورە شاعیری هەموو زەمانێکی فارسە ،چۆن ڕێگەی بە خۆی داوە شیعر لە کافر بخوازێت .

شاعیری فارس (ئەهلی شیرازی) دەڵێت شەوێک حافز هاتووەتە خەوم پێم گوتووە: ئەی گەورەی ناوازە بە عیلم و بەخشندەیی، تۆ کە خاوەنی فەزڵ و کە ماڵێکی بێ حەدی ،چۆن ڕێگەت بە خۆت دا شیعر لە یەزیدی کوڕی معاویە بخوازیت؟ دەڵێت حافز پێی گوتم: عەجەب تا ئێستا ئەو سڕەت پەی پێ نەبردووە! چما ماڵی کافر بە موسڵمان حەڵاڵ نییە؟.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەدیب و شاعیری فارسی بەناوبانگ کاتبی نیسابوری دەڵێت: ئەو پاساوە قبووڵ نییە، زۆر جێگەی سەر سووڕمانە بۆ ئەم کارەی خواجە حافز، ئەقڵم قەت نایگرێت ئەو چ حیکمەتێکی لە و شیعرەی یەزیدا هەست پێکردووە، ئاوا بیکات بە یەکەم غەزەل لە یەکەم دیوانیدا. قبووڵمانە کە ماڵی کافر بە موسڵمان حەڵاڵە و هەرواش بووە، بۆیە ناتوانین بەر لەوە بگرین ،بەڵام لە مەقامی حافز دا ئەوە عەیبێکی گەورەیە، کە شێر کە(حافز)ە پار و لەدەمی سەگ کە لای ئەو (یەزید) ە وەربگرێتەوە. لە وەڵامی ئەم ڕەخنەیەدا دەڵێن : پارووی دەمی ئەو سەگە، کاتی کە تەرجومانی ئەسرار و لسانی غەیب بە کیمیای هونەر کردی بە دەست پێکی غەزەلە مولەمەعە بێ نە زیرەکەی ، بوو بە گەردانەیەکی ئاڵتوونی قەشەنگ. دەڵێن ئەوە خەسڵەتی سۆفیانە کاتێک کە کانزایەکی بێ نرخیان دەست دەکەوێت دەیکەن بە مەعدەنێکی شەریف (بەها دار). دەستی قەدەر وای کرد کە ئەو دەستپێکە عەرەبییە سادە و ڕیتم بەهێزە، غەزەلێکی وا بخولقێنێت، کە لە لا پەرەکانی مێژووی شیعری نەک هەر ئێرانی بەڵکوو جیهانیشدا بە ئاوی ئاڵتون بنووسرێتەوە .

ئەم غەزەلەی حافز بەو دەستپێکە عەرەبییەوە بۆ زمانی تورکی و عەرەبی و تاجیک و ئەفغانییش تەرجەمە کراوە و بە ئاواز و ئەدا و سەمای عیرفانیەوە گوتوویانە. من هەموویانم گوێ لێگرتووە هیچیان وەکوو دەنگخۆشانی ئێران هەقی خۆیان نەداوەتێ ،بەڕای بەندە ئەگەر حافز لە ژیاندا بوایە دەیگوت هەر بەدەنگ و سەدا و ئاواز و مۆسیقای ئێران حەز دەکەم گوێم لێ بێت.

من دەڵێم ئەم غەزەلەی حافز بووە بە ناونیشانی دیوانەکەی حافز چونکە ،لە لا پەرەی یەکەمدا دانراوە . شیعری حافز، جگە لە جوانی بەلاغەت زمان پاراوییەکی زۆر بەرزی پێوە دەبینرێت. لە شیعرەکانیدا هێمای تایبەت بە واتای عیرفانی تێدا هەست پێ دەکرێت، واتا زاهیرەکەی زۆر جیاوازە لە واتا باتینە عیرفانیە قووڵەکەی. دەڵێن ماڵێک نییە لە ئێران دیوانی حافزی تێدا نەبێت. ڕەنگە هەر لە خۆشەویستی غەزەلەکانی حافزەوە بێت وای کردبێت غەزەل لە ئەدەبی فارسیدا پلەیەکی باڵای هەبێت، غەزەل غەرەزێک وەیان قاڵبێکی شیعری جیاوازە لە قەسیدە لەڕووی بابەت و ژمارەی بەیتەکانیدا ، غەزەل لای ئەوان یان غەزەلە بە واتا زاهیریەکەی، یان تەسەوفە (عیرفانیە). بەڵام قەسیدە دەپەڕێتەوە بۆ مەدح و هەجو هەتا بابەتی فەلسەفیش . شیعر ناسان دەڵێن حافز شیعری فارسی گەیاندە پلەیەک کە هیچ کەسێکی دیکە نە پێش و نە دوای ئەو نەیتوانیوە ئەوە بکات. شیعری ئەو زەمینییە لە هەمان کاتیشدا ئاسمانییە زەمینیە چون باس لە مەسەلە ئینسانییە هەست پێکراوەکان دەکات ،چونکە دەیەوێت مرۆڤ لە حاڵەتە زەمینییە واقیعییەکەیەوە بەرز بکاتەوە بۆ ئاسمانە بەرینەکان . ڕەنگە یەکێک بپرسێت بۆ چی شیعرەکانی حافز زۆر سانا دێت بەدەستەوە بۆ گۆرانی؟ دەڵێن ئەو هەموو قورئانی لەبەر کردووە و توانیویەتی بە چواردە ڕیوایەتی (تیلاوەی) جۆراوجۆر بیانخوێنێتەوە، کەواتە ئەوە وای کردووە کە فێری مەقامە مۆسیقیەکان بەباشی ببێت، واتا شارەزای تەواوی ڕیتم بووە کە شتێکی بنەڕەتییە لە مۆسیقادا . نازناوی حافزیشی هەر لەبەر ئەوە وەرگرتووە کە لەتەمەنێکی کەمدا قورئانی لەبەرکردووە.

من گوتوومە شاعیری بە کەڵەکە کردنی دیوان لەسەر یەکتری نییە. دیوانەکەی حافز دەوروبەری سەد و پەنجا لا پەرەیە ، بە بچووکترین دیوانی شیعری فارسی دا دەنرێت، بەڵام بەهادار ترینیانە. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم جارێکی تر دێمەوە سەر اعجابی گەورە شاعیری ئەڵمان گۆتە بە خواجا حافز کە دەڵێت:(حافز ترۆپکی ئیعجازە لە ئەدەبی خۆرهەڵاتدا ، خوێندنەوەی شیعرەکانی هەموو حاڵی منی گۆڕی هەرکەسێک ئەو هاوڕێ ئاسمانییە یەک جار بناسێت.هەرگیز ناتوانێت وازی لێ بهێنێت).

دەڵێن لە شەستت ساڵیی تەمەنیدا، ڕێبازێکی نوێی سۆفیزمی داهێناوە . بازنەیەکی کێشاوە خۆی لە ناوەڕاستیدا چل ڕۆژ بێ خوران و خواردنەوە و خەو دانیشتووە. ئەو دەڵێت بەو خەڵوتە گەیشتمە ئاگایی کەونی. دوای تەواو بوونی چل ڕۆژەکە دەگات بە حاجی زەینی عەتاری کۆنە هاورێی ئەو پێکێک شەرابی دەداتێ . حافز دەڵێت ئەگەر دەتەوێت لە واتای شەراب بگەیت دەبێت چل ڕۆژ و چل شەو تەنیا دانیشتبیت (لە خەڵوەتدا بووبیت).

کاتێک تەیمور لەنگ وەکوو فاتیحێک دەچێتە شیرازەوە، سۆراخی حافز دەکات. دەڵێن زۆر حەزی لە شیعرەکانی بووە، کاتێک حافز دەهێنن بۆ لای بەیتێک شیعری خۆی وە بیر دەهێنێتەوە کە چۆن تێیدا سەمەرقەند و بوخارا دەدات لە تۆڵەی خاڵی لا ڕوومەتی تورک ( کچێکی شیرازی جوان بووە). تەیمور دەڵێت من یەک لەسەر چواری دنیام لەبەر خاتری ئەوە داگیر کردووە کە لە خزمەتی بوخارا و سەمەر قەندی مندا بن، تۆش هەروا ئاسان بەخشیوتە بە خاڵێک!. حافز دەڵێت قوربان ئەوە یەکێکە لە هەرە ئاکارە خراپەکانی بەندە، کە ئەگەر دەستم وا بڵاو نەبووایە حاڵم بەم حاڵە نەدەگەیشت. واتا دەست کورت نەدەبووم .دەڵێن تەیمور لەنگ پێ کەنیوە و لێی خۆش بووە و پاداشتی کردووە.

ڕیوایەتەکان دەڵێن ڕوو وەرگێڕانی حافز بەرەو سۆفیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆشەویستییە یەکلایەنییەی کە بۆ شاخ نەبات(کچێکی جوانی شیرازی بووە کاتێک حافز شاگردی نانەوا دەبێت و کاری گەیاندنی نان دەبێت بۆ ماڵە دەوڵەمەندەکان لە یەکێک لەو ماڵانە دەیبینێت و عەشقی دەبێت). ئەو دەیەوێت ئەو جوانییە بە خۆشەویستی پارسەنگ بداتەوە، بەڵام دواتر دەزانێت کە تای جوانییەکەی شاخ نەبات لە تای خۆشەویستییەکەی ئەو گەلێک قورس ترە. بۆیە پەنا بۆ ڕێبازە سۆفیزمەکان دەبات بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگییە پێک بهێنێت . دەڵێن زۆربەی غەزەلەکانی حافز لە چوارچێوەیەکی سۆفیانەدایە باس لە ( شاخ نەبات) دەکات.

ئەمەش ئەو بیرۆکە ئەزەلییە دەسەلمێنێت کە خۆشەویستی یەک لایەنە یان نەگەیشتوو بە ئەنجام لەبەر کۆسپ و تەگەرەی قورس داهێنان بەتایبەتی لە شیعردا دەخولقێنێت.

کچێک دێت بۆ لای حافز و لێی دەپرسێت: دەلیلی مەعریفەت بە خودا چییە؟ دەڵێن حافز ساتێک بێ دەنگ دەبێت و دواتر دەڵێت : ئازیزەکەم ئەوانەن کە چەقۆیان لەدەستی خۆیان خستووەتە خوارەوە ( فڕێداوە)،واتا عارف بە خودا ئەو کەسەیە کە ئەو چەقۆ بێ دڵەی لەڕووی خۆی و ڕووی خەڵکی تردا فڕێداوە . لێرەدا جیاوازی سۆفی و توندڕەومان بۆ دەر دەکەوێت یەکەمیان بێ چەکە دووەمیان چەکدار.

پێش کۆتایی هێنان دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ناونیشانی باسەکە و غەزەلە بەناو بانگەکەی حافز کە نزیکەی حەوت سەدە دوای خۆی کراوە بە گۆرانی. و بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەڵامی ئەو بۆچوونە بدەمەوە کە دەڵێت شیعری گۆرانی و شیعری ئاسایی جیاوازن، بەندە هەموو کاتێک مکوڕی لەسەر ئەوە کردووە کە جوانترین شیعر دەبنە گۆرانی، و مەرج نییە لە بنەڕەتیشەوە بۆ گۆرانی نووسرابن . دەلیلی قسەکەشم لەم مەقامەدا ئەم غەزەلەی حافزە کەسەدان ساڵە نووسراوە. نموونەی تریش زۆرن لە شیعری کلاسیکی عەرەبی و کوردی بەڵام ئەو نموونەیەی حافز بە جوانترین وەڵام دێتە دەست بۆ ئەو تەرحە بۆچوونە.

الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها

کە عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکلە

بە بوی نافە ای کاخر صبا زان طرە بگشاید

زتاب جعد مشکینش کە خون افتاد در دلها

مرا در منزل جانان چە امن عیش چون هر دم

جرس فریاد می دارد کە بربندید محملها

بە می سجادە ڕنگین کن گرت پیر مغان گوید

کە سالک بی‌خبر نبود زراە و ڕسم منزلها

شب تاریک و بیم موج و گردابی چنین هایل

کجا دانند حال ما سبکباران ساحلها

همە کارم زخود کامی بە بدنامی کشید آخر

نهان کی ماند آن ڕازی کزاو سازند محفلها

حضوری گرهمی خواهی از او غایب مشو حافظ

متی ما تلق من تهوی دع الدنیا و اهملها

بێینەوە سەر غەزەلەکەی بەندە و چی وای لێ کردم بینووسم؟

لە بە دوودا چوونەکەمدا بۆ چۆنیەتی دروست بوونی ئەو غەزەلەی حافز و پاش سەدان ساڵ لە مەرگی خۆی، و پرسی ئایا بۆ چی وا لە ئێرانەوە پەڕیوەتەوە بۆ خاکی عەرەب و تورک تاجیک و ئەفغانستان وەکوو دەق و وەکوو گۆرانیش. بۆم دەرکەوت کە سەرەڕای جوانی و قووڵی دەقەکە کە لە دنیادا دوو کەس نابینیت موتەفیق نەبن لەسەری ،ئەوان ئەو دەقەیان وەکوو کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی غەزەلی عیرفانی سەیر کردووە. بەندە وای بۆ دەچێت لەبەر کاریگەری تەسەوف لە سەرانسەری ئێران و مۆسیقای پیرۆزی ئەهلی هەق لە کوردستان (هەورامان و کرماشان) وای کردووە مۆسیقا و گۆرانی لای ئەوان تەنیا بۆ کات بەسەر بردن نەبێت بەڵکوو ڕەگەزێکی کولتووری(سەقافیش بێ). ڕاستە ئەوە ئاکارێکی تایبەت بە کولتووری ئێرانە ، بەڵام لای هەموو ئەو گەلانەی کە ڕێبازەکانی سۆفیگەریان تیا بڵاوە هەست پێ دەکرێت . بۆیە هەموویان ئاوازی سەنگینیان بەگوێرەی سەنگینی واتاکانی شیعرەکە بۆ داناوە و لەلایەن گۆرانیبێژی سەنگینیشەوە ئیجرا کراوە. ئەوان واتا گەلانی غەیری ئێران شیعرەکەی حافزیان وەرگێڕاوە بۆسەر زمانی خۆیان، ناهەقیشیان نییە چونکە دەقەکە تا بڵێیت بەرزە . بەڵام بەڕای بەندە شیعر هەر بەزمانی خۆی شیعرە ،تەرجەمە عەرەبیەکەیم خوێندووەتەوە ڕاستە وەکوو سەنعەت جوانیان کردووە، بەڵام قەت تامی ئەسڵیەکەی مەولانا حافز نادات.

هەوڵم دا هەر بەو میکانیزمەی حافز کە نیوەی دووەمی بەیتی یەکەمی شیعرەکەی یەزیدی کوڕی معاویەی خواستووە، منیش هەروا بکەم. بەڵام ئیتر دوای ئەوە شیعری خۆم بێ، نەک تەرجەمەی شیعرەکەی حافز . بەو هیوایەی ئێمەی کوردیش نەقشێکمان لەو فەرشە جوانەدا هەبێت کە دەکاتە فەرهەنگی خۆرهەڵات .ئەوەی بەندە کردوویەتی قافیەکەی گەڕاندوەتەوە سەر ئەسڵی شیعرەکەی یەزید نەک وەکوو ئەوەی حافز، کە جێ گۆڕکێی بە وشەکان کردووە . ڕەنگە ئاوازدانەرێکی کورد ڕۆژێک ئاوڕ لەم غەزەلە کوردییە بداتەوە، تاوەکوو ئێمەش وەکوو کورد بیسەلمێنین کە هێشتا هونەرەکەمان مەبەستم مۆسیقا و گۆرانییە، سەنگینی و ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە . کەی ئەو کارە دەکرێت مخابن نازانم ،دەبوو وەکوو شاعیرێک کە چەندین شیعری بوونەتە گۆرانی بم زانیبا، بەڵام ئاسمانی هونەری ئێستاماندا (هیوادارم هەڵەبم)، ئەوەندەی هەور پێوە نەماوە ئەو ئومێدە وشک هەڵاتووەمان بگەڕێنێتەوە سەردەمانی مەزرا ڕەنگین و پاراوەکەی جاران کە بولبولانی وەکوو حەسەن زیرەک و مەزهەر و ماملێ و عەلی مەردان و هەتا دوایی ناوە جوانەکان لێیان دەخوێند.

غەزەلەکەی بەندە

 

ادر کأسا و ناولها الا یا ایها الساقی

رۆحم لەسەر عیشقێک دانا نەعیشق گەیی نە رۆح باقی

دڵم مەستە لەدەنگی تۆ سەرم گەرمی زیکری تۆیە 

خەڵکی شادن لەبەزمی مەی تەنها ئەمن غەمم باقی

کانیاوێکە رێگەی عەشق وەلێ دەریایە ئایندەی

زۆر بوون رێبواری ئەورێیە هەموو فەوتان نەما تاقی

دەست لەدڵم بنێی ساقی دەڵیی خەرابەی هیجرانە

پیاڵە پڕکەو لەدەستمی نێ پەژموردە بووم لەفیراقی

چ حەشرێکە ئەو نەوایە سەدای فیراقی عاشقانە

دەخالەتم هێنا ئەمشەو هەم خۆت موتریب وهەم ساقی 

کاروانی عەشق بەکوێ دەگا دوانەفەسی عومرم پێدا

نەرۆح لەکاروان دەگەڕێ و نە دەسرەوێ لە مەراقی